گرنگ

نوێنەری حکومەتی هەرێم لەتاران: ئێران وەک حکومەت سەیری ئێمە ناکەن، بۆیە چارەسەری گرفتی ئاویش لەتوانای ئێمەدا نییە


 

بوارنیوز، سلێمانی
سەرەڕای ئەوەی ماوەی زیاد لە هەفتەیەکە لایەنی ئێرانی دەستکیکردوە بە گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک و بەتەواوی ئاوەکەی وشککردووە، بەڵام نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران دەڵێت "ئەو گرفتە بە ئێمە چارەسەر ناکرێت، چونکە ئێران وەک حکومەت سەیری ئێمە ناکات و دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و ئێران لەسەر ئاستی باڵا ڕێککەوتن بکەن".
نازام دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران بە بوارنیوزی ڕاگەیاند: گرفتی گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک و هەروەها دروستکردنی بەنداوەکان گرفتی تازە نین، بەڵکو لە وەرزە جیاوازەکاندا ئەم گرفتە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام ئێمە لێرە کارمان ئەوەیە بەدواداچوون بۆ ئەو کێشەو گرفتانە بکەین و بیگەیەنین بەلایەنی پەیوەندیدار، بەڵام بۆ بڕیاردان لەسەر شێوازی چارەسەرکردن لەدەسەڵاتی ئێمەدا نییە و ئێران وەڵامی لەداواکارییەکانی ئێمە ناداتەوە، چونکە ئێرانییەکان وەک حکومەت سەیری ئێمە ناکەن، بەڵکوو وەک بەشێک لە حکومەتی عێراق سەیرمان دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێم هاتونەتە ئێران و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوەیان کردووە، لەسەر بنەمای کۆمەڵێک بەڵێن ئەو بەرپرسانەی هەرێمیان بەڕێکردووە، بەڵام دواتر ئەو بەڵێنانە جێبەجێ نەکراون، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی یەکجاری گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە دەبێت لەلایەن بەرپرسانی باڵای عێراق و ئێران چارەسەر بکرێت و ڕێککەوتنیان لەبارەوە بکرێت، چونکە بەدڵنیاییەوە بە بێ بەغدا ناتواندرێت ئەو گرفتانە چارەسەر بکرێن".
نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێم لە تاران ئەوەشی خستەروو، من بۆخۆم چەندینجار ئەم گرفتەم لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی باس کردووە، بەڵام ئەوان ئەوەیان پێوتووم ئەم بابەتە لەڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە باس دەکەین، کەناڵە فەرمییەکانیش بریتین لە باڵوێزخانەو کونسوڵخانەکان لەنێوان عێراق و ئێران بۆیە ناتواندرێت بە ئاسانی گرفتی گلدانەوەی ئاو چارەسەر بکەین".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color