حه‌شدى شه‌عبى داواى دانانه‌وه‌ى خاڵه گومرگییه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا دەکات
بوارنیوز، تایبه‌ت
حه‌شدى شه‌عبى و گروپێک له نێو حکومه‌تى عێراق که نزیکن له حه‌شدى شه‌عبى داواى دانانه‌وه‌ى خاڵه گومرگییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و پارێزگانى دیکه‌ى عێراق ده‌که‌ن و سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقیش ده‌رکردنى بڕیارێکى له‌و جۆره له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه ره‌تده‌کاته‌وه.
به‌پێى زانیارییه‌کانى بوار نیوز، گروپێکى نزیک له حه‌شدى شه‌عبى له نێو حکومه‌تى عێراق به بیانوى پابه‌ند نه‌بوونى هه‌رێمى کوردستان به یاسای پێناسه‌ى گومرگى له هه‌وڵى دانانه‌وه‌ى خاڵى گومرگین له نێوان پارێزگاى هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆک له‌گه‌ڵ پارێزگانى که‌رکووک و موسڵ و دیاله و سەلاحەددین، به‌مه‌ش ئه‌و کاڵاو شتومه‌کانه‌ى له هه‌رێمى کوردستانه‌وه ده‌چنه ناوچه‌کانى دیکه‌ى عێراق دووجار گومرگى دێته‌سه‌ر.
بوار زانیویه‌تى، حه‌شدى شه‌عبى له‌رێگه‌ى کۆنتڕۆڵکردنى به‌شێک له ده‌روازه سنوورییه‌کانى عێراق به‌هۆى ئاسانکارى، یاخود وه‌رنه‌گرتنى گومرگ بۆ کاڵا و شتوومه‌ک به تایبه‌ت کاڵاى ئێرانى وایکردووه ژماره‌یه‌کی زۆر له بازرگانانى هه‌رێم و عێراق کاڵا و شتوومه‌که‌کانیان له رێگه‌ى ئه‌و ده‌روازانه‌وه داخلى عێراق و هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن.
له‌سه‌ر پرسى دانانه‌وه‌ى خاڵى گومرگى له نێوان هه‌رێم و عێراق به‌رپرسانى حکومه‌تى هه‌رێم و په‌رله‌مانتارانى کورد له په‌رله‌مانى عێراق له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى حکومه‌تى عێراق قسه‌یان کردووه و به‌وته‌ى ئه‌و به‌رپرس و په‌رله‌مانتارانه سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق ره‌تیکردۆته‌وه هیچ بڕیارێکى له‌و جۆره له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه درابێت.
لاى خۆیه‌وه شاخه‌وان عەبدوڵا، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق له‌و باره‌یه‌وه رایگه‌یاند: له دژى ئه‌و بڕیاره ده‌وه‌ستنه‌وه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى به‌غدا له‌و باره‌یه‌وه گفتووگۆیان کردوه.