دوای هەڵبژاردنی مەکۆکان، بزوتنەوەی گۆڕان ڕێکخەر و خانەی ڕاپەڕاندن هەڵدەبژێرێت
#بوار
ماوەی چەند ڕۆژێکە بزوتنەوەی گۆڕان دەستی بە هەڵبژاردن بۆ ئۆرگانە حزبییەکانی لە قەزاکان کردووە و بڕیارە پڕۆسەکە بەردەوام بێت و هەڵبژاردن بۆ سەرجەم مەکۆکانی گۆڕان لە قەزاو سەنتەری پارێزگاکان بکرێن و دەستەی بەڕێوەبەری ئۆرگانەکان هەڵببژێردرێن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە پارێزگای هەولێر هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی قەزاکانی کۆیە و چۆمان و سۆران و شەقڵاوە و دەشتی هەولێر و ڕەواندز کراون.
لە پارێزگای سلێمانی و گەرمیان هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی قەزاکانی کەلار و دوکان و سەیدسادق و کفری و پێنجوێن و ماوەت و شارەزوور و شارباژێڕ کراوە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو هەڵبژاردن بۆ سەرجەم ئۆرگانەکانی گۆڕان بکرێن لە سەنتەری پارێزگاکان و ئەو قەزایانەی ماون.
هەڵبژاردنەکە تەواوکەری کۆنفرانسی نشتیمانی گۆڕانە کە کۆنگرەی حزبی بزوتنەوەکەیەو دەبێت کارەکانی کۆتای بێت بەر لە هەڵبژاردنی هەرێم، خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێکخەر هەڵببژێردرێن وەک بەشێک لە مەرجەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ پارتە سیاسەکان.