گرنگ

بوار هۆكارەكانی دواكەوتنی ڕەشنوسی بودجەی 2021ی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات


 

بوار نیوز، تایبەت
"دڵنیانەبونەوە"ی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەناردنی 200 ملیار دینار بۆ مانگەكانی داهاتو لەلایەن حكومەتی عێراقەوە "هەڵگرتنی لێبڕینی موچە"؛ لەگرنگترین هۆكارەكانی دواكەوتنی ڕەشنوسی بودجەی 2021ی حكومەتە بۆ پەرلەمان. پەرلەمانتارێكی لێژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت: "ئەگەر لەسبەینێشەوە پڕۆژە یاساکە بگاتە پەرلەمان، ئەوە دوو مانگی پێویستە تا لەپەرلەمانەوە پەسەندبکرێت و وەزارەتی دارایی ڕێنمایی بۆ دەربکات و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە تازە ناردنی پڕۆژە یاساكە بۆ پەرلەمان هیچ سودێكی نییە".
سەرچاوەیەكی بەرپرس لەوەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبوارنیوزی ڕاگەیاند: "دوای گفتوگۆكردنی زۆر لەسەر ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی و پلاندانان و لێژنەكانی دارایی و یاسایی و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، ڕەشنوسەكە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران نێردراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا ڕەشنوسەكە بۆ هیچ سەرەنج و تێبییینەك بۆ وەزارەتی دارایی نەگەڕاوەتەوە".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی، كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، ئاماژەی بەوەكرد: حكومەتی هەرێمی كوردستان، دڵنیا نییە حكومەتی عێراق بەردەوام دەبێت لەناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم یان نا، بۆیە ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمانی كوردستان نانێرێت بۆ پەسەندكردنی".
گوتیشی: "لەڕەشنوسی بودجە، موچەی فەرمانبەران بەبێ‌ لێبڕین دیاریكراوە، مانگانە حكومەتی هەرێمی پێویستی بە 897 ملیار دینار هەیە، بۆیە لەئەگەری نەناردنی پارەكەی بەغدا، هەرێم توشی گرفت دەبێت، كەواتە؛ جێكردنەوەی بابەتی موچە لەپڕۆژە یاسای بودجە بەبێ‌ پارەكەی بەغدا زەحمەتە، ئەمەش گرفتێكی ترەو ناتواندرێت یەكلایی بكرێتەوە".
عومەر گوڵپی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، پێیوایە "حکومەت شکستییخواردوە لە گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەو ناردنی بۆ پەرلەمانی كوردستان. خۆ ئەگەر لەسبەینێشەوە پڕۆژە یاساکە بگاتە پەرلەمان، ئەوە دوو مانگی پێویستە تا لەپەرلەمانەوە پەسەندبکرێت و وەزارەتی دارایی ڕێنمایی بۆ دەربکات و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، واتە کۆتاییەکانی ساڵی دارایی ٢٠٢١، ئەو کاتەش یاساکە سودی ئابوری نابێت".

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color