گرنگ

حەوت ساڵە وەزارەتی ناوخۆ وەڵامی داواکاری تەڤگەری ئازادی ناداتەوە بۆ پێدانی مۆڵەت


 

تارا حوسێن: رێگەمان نادەن بارەگا لەهەولێرو دهۆک بکەینەوە
بوار نیوز، تایبەت
لە 17ی تشرینی یەکەمی 2014، حزبی (تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان) دامەزراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا مۆڵەتی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ پێنەدراوە، جێگری هاوسەرۆکانی ئەو حزبە دەڵێت: "جگە لە مۆڵەت، رێگە نادرێت بارەگای حزب لە هەولێرو دهۆک و ناوچە جیاوازەکانی هەردوو پارێزگاکە بکەینەوە".
تارا حوسێن، جێگری هاوسەرۆکایەنی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بەبوارنیوزی ڕاگەیاند: "لەو ڕۆژەی تەڤگەر دامەزراوە داوامان کردوە لە هەولێرو دهۆک و سۆران و دەڤەرەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی پارتی بارەگا بکەینەوە، بەڵام ڕێگەمان نادرێت بارەگا بکەینەوە بە بیانوی ئەوەی ئێمە مۆڵەتمان نییە".
گوتیشی: "بۆ وەرگرتنی مۆڵەت و نەهێشتنی ئەو بیانووە، هەمو رێککارەکانی وەرگرتنی مۆڵەتمان تەواو کردوەو مۆڵەتەکانمان بۆ سەرۆک و جێگری سەرۆکی کابینەی هەشت نێردرا، دواتر خۆم چومە وەزارەتی ناوخۆ و لەگەڵ بریکاری پێشووی وەزارەتی ناوخۆ بەڕێز (جەلال شێخ کەریم) گفتوگۆمان کردو پێیگوتم: تەڤگەر هیچ کێشەیەکی نییە، بە پێچەوانەوە باشترین ڕێککارەکان گیراوەتەوەبەرو هیچ لادانێکی نایاسایی نییە، بەڵام بەهۆکاری سیاسییەوە مۆڵەتمان پێنادرێت، بۆیە گوتی: ئێوە دابنیشن باشترەو واز لەو کارە بێنن".
بەپێی ئەو بەدواداچوون و زانیاریانەی دەست بوار نیوز کەوتوە، بەهۆی ئەوەی تەڤگەری ئازادی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و بیری عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانکراوی ئەو حزبە نزیکە، هەروەها هەڵوێستە توندەکانی تەڤگەر بەرامبەر بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، مۆڵەتی کارکردنیان پێنادرێت.
لەوبارەیەوە تارا حوسێن، گوتی: "تەڤگەر حزبێکی سەربەخۆیەو بڕیار لەهیچ لایەنێکەوە وەرناگرێت، بەڵام راستە سودمان لە بیرو فەلسەی بەڕێز ئۆجەلان بینیووە".
لەبارەی کارکردنی تەڤگەری ئازادی لە هەولێرو دهۆک، تارا حوسێن گوتی: "چەندینجار داوای کردنەوەی بارەگامان لە هەولێرو دهۆک و سۆران و ناوچە جیاوازەکانی هەردوو پارێزگاکە کردووە، بەڵام بەداخەوە پارتی بە عەقلیەتێکی دیکتاتۆرانە مامەڵە دەکات و رێگە نادات بارەگا بکەینەوە".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color