گرنگ

حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات، داوكارییەكی ئێران ڕەتدەكەنەوە


 
حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات، داوكارییەكی ئێران ڕەتدەكەنەوە
بوار،تایبەت
دوای ئەو سەردانانەی كە لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمنی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان و ئێران ئەنجامدران، دەركەوت كە بابەتی سەرەكی لەو سەردانانە پرسی داخستنی بنكە و بارەگای حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە لە خاكی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەومەبەستەش ئێران لەڕێگەی یەكێتی و پارتییەوە پێشنیارزی كردووە كە ئەو حزبانە بارەگاكانیان دابخەن و لە كەمپێك كۆبكرێنەوە بەڵام لایەنە كوردییەكان ئەمەیان ڕەتكردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی بوار، دوای سەردانەكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی (قاسم ئەعرەجی) ڕاوێژكاری ئاسایشی نشتیمانی عێراق بۆ سلێمانی و پاشان بۆ ئێران، دەركەوت كە لە كۆبوونەوەكەی ئەو بەرپرسەی عێراق لەگەڵ لایەنی ئێرانی هەردولا ڕێككەوتوون كە دەبێت بنكەو بارەگای حزبە كوردییەكانی ئێران لە خاكی هەرێمی كوردستان نەمێنن، بۆ ئەو مەبەستەش ئێران پێشنیازی كردووە بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم و بەدیاری كراوی یەكێتی و پارتی ڕووبەڕووی كێشەو گرفت و ڕەخنە نەبنەوە لەلایەن ئەو پارتە كوردیانەوە واباشتر سەرجەم ئەو پارتە كوردییانە لە كەمپێكدا كۆبكرێنەوە.
ڕاوێژكاری نشتیمانی عێراقی، ئەو پێشنیارەی لایەنی ئێرانی لە ڕێگەی یەكێتی و پارتییەوە گەیاندووە بە بەرپرسانی حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات، بەڵام لەلایەن ئەو حزبانەوە سەر لەبەری ئەو پێشنیارە ڕەتكراوەتەوە و پێیان وابووە ئێران بەو كارەی دەیەوێت كۆمەڵكوژیان بكات و هەركات بیەوێت لەناویان بەرێت، لە بەرامبەریشدا یەكێتی و پارتی بەو حزبانەیان ڕاگەیاندووە كە ئەگەر ڕازی ببن بەو پێشنیارە دەتوانن گەرەنتی ئەوە بكەن ئێران هێرش ناكاتە سەریان، بەڵام هەر ڕازی نەبوون بەو گەرەنتیكردنەش.
یەكێتی و پارتی لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات پێشنیاری ئەوەیانكردووە كە واباشترە بارەگاكانتان دابخەن، بەڵام لە كاری سیاسی خۆتان بەردەوامبن و لە ژێر چاودێری نەتەوەیەكگرتووەكان سەرجەم حزبە كوردییەكان لە سێ‌ كەمپدا كۆبكرێنەوە كەمپێك لە سلێمانی و دوانیان لە هەولێر بەو شێوە پارێزراودەبن لە هێرشی ئێران بۆسەریان، بەڵام ئەو حزبانە ڕەتیان كردووەتەوە بچنە ژێرباری ئەو داواكارییەوە.
هەر یەكە لە حزبەكانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕان و زەحمەتكێشان بارەگایان لە ناوچەی زڕگوێز و بانەگەورە هەیە لە سنوری پارێزگای سلێمانی. حزبی دیموكرات بارەگای لە كۆیە هەیە و پارتی ئازادی و سازمانی خەبات بارەگاكانیان لە سنوری پارێزگای هەولێرە. لە ماوەكانی ڕابردووشدا چەند جارێك ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی و موشەكی ئێران بوونەتەوە و چەندین پێشمەرگەو بەرپرسی باڵایان لەو هێرشانەدا گیانیان لەدەستداوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color