گرنگ

سەمای_مارەکان


 
(81)
زیاتر لە سعاتەکی دانیشتین، وەختەکی مام شێرۆ بەدەرکەت، تەماشامکرد بەس مام پرینگی لەگەرە، مشەوەشبووم، گۆتم: دیارە نادراغە مامەستا شکۆی بەرنەدایە، هەموو قیت بووینەوە، مام شێرۆ و مام پرینگ سەلامیانکردو هەموو لۆلای مام پرینگی چووین و دۆقەمان لەگەرکرد، گۆتمان زۆرباشبوو قورتاربووی، ئەمن گۆتم: ئەدی مامەستا شکۆ؟ مام شێرۆ گۆتی: با دانیشین ئەوجە لۆتان باس دەکەین، دانیشتن و بەخێراتنمانکرد، تەماشا مام پرینگمکرد، دیتم تەواو ڕەنگی گۆڕابوو، ئەو جلکەی لەبەریبوو زۆربەی دڕابوو، هەندەجێ خینیشی پێوەبوو، سەروپرچ و جەمەدانی تەواو تێکچووبوو، دیاربوو زۆریان لێدابوو، هەرکە تەماشای مام پرینگت دەکرد بێزت لە ژیان و مرۆڤایەتی و جوانی دەبۆوە، ئەتوو وەرە ببینە ئەو بەستەزمانەیان چلێکردیە، لەو دەمی شکۆم وەبیرهاتەوە، گۆتم دەبی ئێستا چییان لەو فەقیرەی کردبی، دەبی چەند هەزار شاپیان تێهەردابی، ئەو لە ژۆرێ لەبەر لێدان و کووتانی هاوار و زیڕەیتی، محەی هیچ و پووچیش پۆزی بە پێراوی وی لێدەدا.
مام شێرۆ قوومەکی لە دار جغارە درێژە کوردەواریەکەی داو گۆتی: کوڕینە، ئەگەر ڕاستتان دەوێ ژیان لەو گوندەی نەما، هەرچی دەیکەیی و لۆی ماندی دەبی، بە سووك و سانایی دەچیتە قورگی ئەو دوو ئاغەو مندارەکانیان، ئەوەی سعاتەك زووتر لێرە دەربازبی، لەوسەری سارەك زیاتر تەمەنی درێژ دەبی، یەعنی مەعقولە ئەمن وا ئاشی دادەنێم لە گوندی لۆ بەرژەوەندی خەڵکی گوندی، هەتا ئاردیان بێتە بەردەستی، نارداغەو کوڕەکانی ببنە شریکم، بێئەوەی یەك دیناری بدەن، ئەگەر سەت دیناری خێربکەم، دەبی پەنجاویەکی بدەمە وان و چل و نۆش لۆمن، گۆتم: مام شێرۆ، ئەتوو خەبەرەکی مامەستا شکۆمان بدێ، ئەو لۆ بەرنەبوو؟ گۆتی: کاکە، زیاتر لە سعاتەکی لەگەڵ ئاغەی خەریکبووم، گۆتی: شکۆ لەبن تەحقیقیەو جارێ تەحقیق تەواونەبووە، دەبی بزانین لەبەرچ هورد و درشتی ئەو گوندەی لە دەفتەری نووسیە، گۆتم: ئاغە، ئەو خیندەوارەو مامۆستایە، دیارە حەزی لەوەی بووە هەموو شتەکی بنووستەوە، خیندەوار و مامۆستا ئەو عادەتەیان هەیە، ئەمن وەکی ئاغەم شل دەکرد، محەی خۆڕی لەوسەریڕا دەهات و سەری لەبن گێی ئاغەی دەناو فسکەفسکەکی لەگەڵ دەکردو پەشیمانی دەکردەوە، مام سوارۆ گۆتی: لە ماڵی قادراغەی کێشکەو لەماڵی نادراغەش محە، حەزدەکەم بشزانن هەردووکیان هەتا ئینتیفازەی جاشی دەرەجە ئێکبوون، وەڵلا وەبیللا وەکی ئەو گوندە تێکدرا هێلکەی بن قازو مریشکان و کۆتری سەر سواندوکەشیان برد، حەسەنەفەندی گۆتی: یەعنی ئێستا مامۆستاشکۆ بەرنابی؟ مام شێرۆ گۆتی: ئاغە وەعدی دامێ سێ ڕۆژیدی بەریبدا، ئەوجە نازانم ساحێب وەعدی خۆیتی یان نا! گۆتمە مام پرینگی: بەس پێمبرێ ئەتوو و شکۆ کوو گەیشتنە ئێکدی و کوو ڕێککەتن پێکەوە بڕۆن؟ گۆتی: کاکە تاقیبی منیکردو لە گوندی لەکێم، هات و گۆتی: هەر چیتکردیە دەبی ئەمنیش لەگەڵ خۆت ببەی، پێمگۆ دەرچوون ئاسان نییە، ئەمن ئەگەر بشگیرێم ڕەنگە بەربم، چونکە خزموکەسم زۆرە، بەس ئەتوو بگیرێی کێ بە هانات دێ، گۆتی: بمکوژی و بمبڕی هەر دێم، ئیدی نیوەی شەوێ بەخۆو بەجانتاوە هات و پێکەوە ڕۆیشتین، هەر لە گوندی چووینە دەرێ، چاردەورەمان گیرا، هیچ مەجالی هەراتنێش نەبوو، گۆتم: پێکەوە لە ژۆرەکی بوون؟ گۆتی: ناوەڵلا، بەران وەکی تەعزیبیان دەدا، زۆرجار گێم لە زیڕەو ناڵەی دەبوو، محەی خۆڕی بە دەستی خۆی لێیدەدا، بەران خۆڕاگربوو، دەیانوویست پێلێبێ و بڵێ جاسووسی قادراغەیمە، وەینەگۆو وەینەگۆ!حەسەنەفەندی قیتبۆوەو گۆتیە من: هەستە با بچینە ماڵی نادراغەی، وازی لێناینم هەتا مامۆستا شکۆی لەگەڵ خۆم دەینمەوە، ئەمە هەموو تێکڕا تەماشا حەسەنەفەندیمانکردو چاومان زەقبۆوە، بەتووندی گۆتیە من: لەگەڵ تۆم نییە، هەستە بابڕۆین هەستە!
مایتی.
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color