گرنگ

حەشد بووەتە رێگری بەردەم پارتی


 


بوار: كەركوك

ماوەی چەند ڕۆژێکە شاری کەرکوک خۆپیشاندانی تێدا ئەنجامدەدرێت، ئەوەش بە بەشداری هێزە تورکمان و عەرەبییەکان، بۆ رێگری لە گەڕانەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكرات بۆ ئەو شارە.

خۆپیشاندەران بە داخستنی ڕێگای سەرەکی هەولێر و کەرکوک و دانیشتن لەبەردەم لە بینای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپا، کە بارەگای سەركردایەتی پارتی بوو، درێژە بە خۆپیشاندانەكان دەدەن.

ئەم هەنگاوە بووەتە رێگر لە بەردەم گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركوك، كە بەنیازە بە گەڕانەوەی بۆ ئەو شارە، دەست بە چالاكییە سیاسییەكانی بكاتەوەو هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ، كە بڕیارە لەمانگی 12 بەرێوەبچێت دەستپێبكاتەوە.

چالاکانی مەدەنی باس لەوە دەكەن، كە پارتی مافی یاسایی و دەستووری خۆی بۆ ئەنجامدانی چالاکییە سیاسییەکانی لە کەرکوک هەیەو ئەوەی بەرانبەری دەكرێت نایاساییە.

ئەهناک ئەنوەر، چالاکوان و ڕاوێژکاری یاسایی لە کەرکوک لەو بارەوە دەڵێت: چالاکییە سیاسییەکانی پارتی لە کەرکوک مافێکی دەستوورییە، وەك چۆن بۆ باقی لایەنەکانی تریش ئەو مافە لە پارێزگاکە و لە باقی پارێزگاکانی عێراقدا هەیە.

ماوەیەكە پارتی دەستی بە نۆژەنکردنەوەی بارەگاکانی لە کەرکوک و کردنەوەیان پێش هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان كردووە، ئەمەش دوای ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی محەمەد شەیاع سودانی بۆ ئەو پرسە.

پارتی دیموکرات 33 بارەگای لە کەرکوک هەیە و زۆربەیان چۆڵکران، ئەوەش لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، دوای هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر ئەو شارە.

ئەو خۆپیشاندانانە ترسی پارتی لە كەركوك لێكەوتووەتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەوە بووەتە ئاستەنگ لە گەڕانەوەی بۆ پارێزگاکە، کە لەوانەیە کاریگەری لەسەر ئەنجامی دەنگەكانی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان هەبێت.

شاری کەرکوکی دەوڵەمەند بە نەوت، کە تێکەڵەیەک لە کورد و تورکمان و عەرەب و مەسیحی لێی نیشتەجێیە، یەکێکە لە ناوچە جێناکۆکە دیارەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، پارتی دەیەوێت بەم هەڵبژاردنە پێگەی خۆی لە شارەكە دروست بكاتەوە.

بەپێی ماددەی 140ی دەستوور، کە لە ساڵی 2005 پەسەند کرا، بڕیار بوو ئایندەی کەرکوک بە سێ قۆناغ یەکلایی بکرێتەوە، سەرەتا بە ئاساییکردنەوە دەستپێبکات و دواتر سەرژمێری، دواتر ڕیفراندۆمی ناوخۆیی لەسەر خاوەندارێتی، بەڵام ئەو بابەتە جێبەجێنەكراوەو پارتی بەردەوام داوای جێبەجێكردنی دەكات.

پارتی دیموکرات چاوی لەوەیە لە کەرکوک ژمارەیەكی زۆر كورسی بەدەستبهێنێت و لەئەنجوومەنی خۆجێیی ژمارەیەكی قورس بێت، بۆ ئەوەی لە پرسی هەڵبژاردنی پارێزگار رۆڵی گەورەی هەبێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color