گرنگ

بۆچی سەدام حسێن بە قەزافی وت: ئێرانییەكان و باوکت لە ئاگری دۆزەخدان؟


 



بوار:

عەلی سەبتی حەدیسی باڵیۆزی پێشووی عێراق لە لیبیا زانیارییەكی لەبارەی دوژمنایەتی مێژوویی نێوان موعەمەر قەزافی، سەرۆکی کۆچکردووی لیبیا و سەدام حوسێن، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق ئاشكراكرد، كە یەكەم جارە ئەو بابەتە ئاشكرادەكرێت.

ئەلحەدیسی لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، زیاتر لە 10 ساڵ لە لیبیا کاری کردووە، ئەرکەکەی قورس بووە بەهۆی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، كە خراپی پەیوەندییەكانی بەغدا و تەرابلوس لە دوای دووەم سەردانی سەدام بۆ لیبیا دەستیپێکردووە کاتێک جێگری سەرۆک بوو.

ئەو راشیگەیاند، لەو سەردانەدا سەدام بە نهێنی لەگەڵ عومەر دایبس، سکرتێری پارتی بەعس لە لیبیا کۆبووەوە، بەبێ ئەوەی قەزافی ئاگادار بێت و ڕەزامەندی لەسەر بدات.

وتیشی: ئەم کۆبوونەوەیە بووە هۆی دروستبوونی دۆخی بێمتمانەیی لە نێوانیاندا، ئاماژەی بەوەدا کە ڕەگ و ڕیشەی ناکۆکییەکە دەگەڕایەوە بۆ ململانێی نێوان هەردوو بزووتنەوەی "ناسریست" و "حیزبی بەعس".

ناوبراو ئەوەشی وت: موعەمەر قەزافی لە پەوەندی و ئاڕاستەکانیدا لە بزووتنەوەی ناسری و سەرکردایەتی جەمال عەبدول ناسر، سەرۆک کۆماری میسر نزیکتر بوو، لە کاتێکدا بەعس هەوڵی کۆنترۆڵکردنی لیبیای دەدا، ئەوەش بۆ ئەو هێڵی سووربوو.

ئەلحەدیسی ئاشکرایکرد ، کاتێک شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی ١٩٨٠ سەریهەڵدا، پەیوەندی نێوان عێراق و لیبیا گۆڕا و كێشەكان زیاتر بوون، كاتێك قەزافی دەستی کرد بە پشتیوانیکردنی ئێران لەو ململانێیەدا، لە کاتێکدا عێراق بەدەست هەڕەشەکانی ئێرانەوە دەناڵێنێت و پێویستی بە پشتیوانی لیبیا بوو.

ئەوەشی ئاشكراكرد، ئەم پشتیوانییەی لیبیا بۆ ئێران گرژییەکانی زیاتر کرد، بەتایبەتی لە نێوان قەزافی و سەدام حوسێن و بووە هۆی توندبوونەوەی ناکۆکی نێوانیان، تا ئەوەی موعەمەر قەزافی تەلەگرامێکی بۆ سەدام حوسێن نارد و پێی وت: شەڕەکە بێهودەیە هەموو ئەوانەی کوژراون لە دۆزەخدان، چونکە هەموویان موسڵمانن، لە بەرانبەریشدا سەدام وەڵامی دایەوە و وتی: مردووەکانمان لە بەهەشتدان و مردووەکانی ئێران و باوکت (واتە باوکی قەزافی) لە دۆزەخدان.

شەڕی ئێران و عێراق (1980-1988) ، کە لە 22ی ئەیلولی 1980 دەستی پێکرد، بە درێژترین شەڕی سەدەی بیستەم دادەنرێت، هەروەها یەکێک لە خوێناویترین و پڕ تێچوویترین ململانێکان لە ڕووی ئابووری و مرۆییەوە.

شەڕەکە لە ساڵی ١٩٨٨ بە ئاگربەست کۆتایی هات، بەڵام هەردوولا تا ١٦ی ئابی ١٩٩٠ ڕێککەوتنێکی فەرمییان لەو بارەیەوە واژوونەکرد، كە ئەوكات بە فەرمی شەڕەكە كۆتایی هات.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color