گرنگ

دەستدرێژی سێکسی" ڤاتیکان دەهەژێنێت


 


لێکۆڵینەوە لە پیاوانی ئایینی گەورە دەكرێت

بوار: ئاژانسەكان
لەسەر تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی لێکۆڵینەوە لە پیاوانی ئایینی کاسۆلیکی پلە باڵا لە سویسرا دەکرێت.

بەپێی ئەنجامی كۆنفرانسێكی بەرپرسانی مەسیحی لە سویسرا، تۆمەتی زۆر هەیە لەسەر قەشە دیارو خانەنشینەکان، جگە لە پیاوانی ئایینی دیکەی پلە مامناوەندی، بەهۆی شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کەیسەکانی سووکایەتیکردن و دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر چەندین كەس.

هەر بەپێی ئەنجامی کۆنفرانسی قەشەکان، دەسەڵاتی ڤاتیکان لە مانگی ئایاردا نامەیەکی لەبارەی ئەو تۆمەتانە پێگەیشتووە و دواتر بڕیاری دیاریكردنی قەشەیەکی سویسری بەناوی جۆزێف بۆنیمین بۆ سەرۆکایەتی لێکۆڵینەوەی ئەو كەیسانە دیاریكردووە.

ئەو قەشەیە، ئەزموونێكی زۆری هەیە لە لێکۆڵینەوە لە دەستدرێژی سێکسی پەیوەست بە کڵێساكان و هەر ئەوەش وایكردووە، دەسەڵاتی ڤاتیكان دیاریبكات بۆ لێكۆڵینەوە لەو كەیسانە.

لای خۆیەوە، باوک نیکۆلاس پێتیچەر، قەشە لە کڵێسای برودەر کلاوس لە بێرنی پایتەختی سویسرا، بۆ ڕۆژنامەی ئەسۆشێتد پرێسی پشتڕاستکردەوە، نامەیەكی نووسیوەو تێدا چەندین كەیسی دەستدرێژی سێكسی لەلایەن پیاوانی ئاینی مەسیحی ئاشكراكردووە.

هەروەها رایگەیاندووە، بەپێی كەیسەكان قەشەکان تۆمەتبار کراون بە پەردەپۆشکردنی کەیسەکانی سووکایەتیکردن و دەستدرێژی سێكسی، كە پەیوەندییان بە پیاوانی ئاینییەوە هەبووە.

هەروەها لە نامەكەدا ناوی چەند قەشەیەك هاتووە، كە تۆمەتبارن بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر دوو هەرزەکار، كە لێكۆڵینەوە لەو بارەوە دەستیپێكردووەو بەردەوامیشی هەیە.

پێشتر پاپا فرانسیس هەڵوێستی پتەوی لەبارەی پرسەکانی دەستدرێژی سێکسی لەناو کڵێسا کاسۆلیکییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان ڕاگەیاندووە، بەڵام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە، ئەمە بەس نییە، داوای ڕێوشوێنی زیاتریان کردووە بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی ئەو جۆرە كەیسانە.

لە ساڵی ٢٠١٨ پاپا داوای کرد، کە هەموو دەستدرێژی سێکسی لەلایەن پیاوانی ئایینیەوە ئیدانە بکرێن و داوای کۆتایی هێنان بە پەردەپۆشکردنی کردو راشیگەیاند، دەبێت سزای ئەو كەسانە بدرێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color