گرنگ

بەریتانیا تاوتوێى هێرش بۆ سەر حوسییەکان لە یەمەن دەکات


 

بەریتانیا تاوتوێى هێرش بۆ سەر حوسییەکان لە یەمەن دەکات

بوار:
بەپێی زانیارییەکان، بەریتانیا بیر لەوە دەکاتەوە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەکدارانى حوسییەکان ئەنجامبدات، دوای ئەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، هێزی دەریایی وڵاتەکەی لەم دواییانەدا سێ بەلەمی چەکدارانى حوسییان لە دەریاى سوور تێکشکاندووە، کە کەشتییەکی کۆنتێنەریان لە دەریای سووردا کردبووە ئامانج.

وەزیری بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاندووە، بەریتانیا درێغی ناکات لە گرتنەبەری “هەنگاوی ڕاستەوخۆ” لە وەڵامی ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر کەشتیەکان لە دەریای سوور ، بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامە بەریتانییەکە، گرانت شاپس، وەزیری بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاندووە، حکومەتی بەریتانیا درێغی ناکات لە گرتنەبەری “رێوشوێنی ڕاستەوخۆ” بۆ ڕێگریکردن لە هێرشی زیاتر، ئەمەش لەکاتێکدایە کە باس لەوە دەکەن شانشینی یەکگرتوو و ئەمریکا بەیاننامەیەکی هاوبەش ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی هۆشداری کۆتایی بدەنە چەکدارانى حوسى لە یەمەن.

هاوکات ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، سوپای بەریتانیا خۆی بۆ ئەگەری دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ واشنتۆن بۆ سەر ئامانجەکانی حوسییەکان لە یەمەن ئامادە دەکات.

ڕۆژنامەکە بڵاوشیکردەوە، ڕاوێژکاری لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەوروپی هەیە بۆ بەشداریکردن لەم هێرشانە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ ڕاگرتنی هەڕەشەی حوسییەکان بۆ سەر کەشتیوانی لە دەریای سووردا.

پێشتر دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاندبوو، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، ڕوونیکردووەتەوە، کە ئێران بەرپرسیارێتیی هاوبەشی ڕێگریکردن لە هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سووردا هەیە.

ناوبراو لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای ئێکس ڕایگەیاندووە، بە ڕوونی باسم لەوە کردووە ئێران هاوبەشە لە بەرپرسیارێتی ڕێگریکردن لەم هێرشانە، بە لەبەرچاوگرتنی پاڵپشتی درێژخایەنی بۆ حوسییەکان.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێرشانە "ژیانی کەسانی بێتاوان و ئابووری جیهانی دەخاتە مەترسییەوە".

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color