گرنگ

لەبری هەرێم، به‌غدا نه‌وتى كه‌ركووك، به‌ كۆمپانیاى كاری شێخ باز ده‌دات


 

ماوەی یەک مانگە هەرێم هیچ نەوتێکی بە شێخ باز نەداوە بۆ پاڵاوتن

لەبری هەرێم، به‌غدا نه‌وتى كه‌ركووك، به‌ كۆمپانیاى كاری شێخ باز ده‌دات

#بوار
دواى یه‌ك مانگ له‌ راگرتنى نه‌وت له‌سه‌ر كۆمپانیاى كار له‌ لایه‌ن هه‌رێمى كوردستان، دواجار حکومەتی عێراق نه‌وتى پارێزگاى كه‌ركووك له‌ برى نه‌وتى هه‌رێم ده‌داته‌ كۆمپانیاى كار، تا ئەو نەوت بپاڵوێت بۆ پارێزگای موسڵ.

حکومەتی هەرێم لە بەرامبەر پێنەدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم، ماوەی یەک مانگە ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی بە حکومەتی عێڕاق ڕاگرتووە.

هەرێم ئەو نەوتەی کە ڕادەستی حکومەتی عێڕاقی دەکرد، تەسلیم بە کۆمپانیای کار دەکرا تا بیپاڵوێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی پارێزگای موسڵ. بەڵام ماوەی مانگێکە ڕادەستکردنی ئەو نەوتە لە لایەن هەرێمەوە ڕاگیراوەو عێراقیش هیچ بڕە نەوتێکی دیکەی تەسلیم بە کۆمپانیای کاری شێخ باز نەدەکرد.

ئەم کارەی هەرێم، قەیرانی سوتەمەنی بۆ موسڵ دروستکردبوو، عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە سودی لە پاڵاوگەی بێجی وەرگرتبوو بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ئەو پارێزگایە.

لە ئێستاشدا بڕیارە حكومه‌تى عێراق له‌ ماوه‌ى چه‌ند رۆژى داهاتوو به‌ پێى ئه‌و گرێبه‌سته‌ى له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى كار هه‌یه‌تى بۆ پاڵاوتنى نه‌وت بۆ پێداویستى ناوخۆى عێراق له‌ بڕى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان، نه‌وتى پارێزگاى كه‌ركووك بۆ پاڵاوتگه‌ى كۆمپانیاى كار بگوازێتەوە.

ئه‌و نه‌وته‌شى كه‌ له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تى عێراق ده‌درێته‌ كۆمپانیاى كار به‌مه‌به‌ستى پاڵاوتن و دروستكردنى به‌نزینه‌ بۆ پارێزگاى موسڵ و ده‌وروبه‌رى.

بوار زانیویه‌تى، ماوه‌ى زیاتر له‌ مانگێك تێپه‌ڕێوه‌ به‌سه‌ر راگرتنى راده‌ستكردنى بڕى 85 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ى كێڵگه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌ حكومه‌تى عێراق، به‌هۆى پێنه‌دانى شایسته‌ داراییه‌كانى كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان كه‌ 12 ملیۆن به‌رمیله‌ له‌ ماوه‌ى شه‌ش مانگدا.

به‌پێى ئه‌و گرێبه‌سته‌ى له‌ نێوان حكومه‌تى عێراقى و كۆمپانیاى كار هه‌یه‌، عێراق ده‌بێت پابه‌ند بێت به‌ دابینكردنى نه‌وت بۆ پاڵاوتگه‌كه‌ جا له‌ نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان، یاخود پارێزگاكانى دیكه‌ى عێراق بێت.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color