گرنگ

ئێستا خۆم لە پارتی و یەکێتی بەدوور گرتووە


 

سەرۆکی تەریقەتی عەلیەی قادری کەسنەزانی ڕایدەگەیەنێت، لە ڕابردوودا پرۆژەیان هەبووە، بەڵام بۆ ئەوەی نەبنە فیتنە لە نێوان هیچ لایەنێک هەڵویستیان گۆڕاوە و لە ئێستادا خۆیان لە هەردوو حزبی باڵادەست لە هەرێم بە دوور گرتووە. داوای هاوهەڵویستی و تەبایی لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێمیش دەکات و دەڵێت،"حزبایەتی ئەوە ناهێنێت سەنگەر لە یەک بگرین و یەکتر بکوژین."

 

شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، سەرۆکی تەریقەتی عەلیەی قادری کەسنەزانی لە لێدوانێکی تایبەتدا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" من ئێستا خۆم لە هەردوولایەنەکە بە دوور گرتووە لە سەرەتادا هەندێ هەوڵماندا، بەڵام نەکرا. ئێمە نە پێویستی سیاسی و نە ماددیی و نە مەعنەویمان هەیە، ئێمە پێویستی مەعنەویمان لای خوای گەورە و حەزرەتی محمد و عەلی و استازەکانمانەوەیە بەڵام ئێمە وەک واجبی سەرشانمان هەستاین بەو هەنگاوانە."

 

وتیشی،" تەریقەت هەمیشە پاڵپشتی میللەت بووە پاڵپشتی ئەوانە بووە کە زوڵمیان لێکراوە، ئێستا ئێمە بێینە سەر ئەوەی زوڵم لە ناوماڵی خۆمان بکرێت ئیتر هی ئەوە نییە زیاتر بڕۆین، بۆ ئەوەی نەبینە فیتنە لە نێوان هیچ لایەنێک بۆیە ئێستا ئێمە هەڵوێستێکی ترمان هەیە."

 

لە ماوەکانی ڕابردوودا وابڕیار بوو چەند کەسایەتیەکی سەر بە تەریقەتی کەسنەزانی قەوارەیەکی سیاسی نوێ دروست بکەن و بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم بکەن، بەڵام دوای ماوەیەک شێخ نەهرۆ هەرێمی کوردستانی بەجێهێشت.

 

ڕۆژی 12ی مانگی 7ی 2023 نوسینگەی تایبەتی شێخ نەهرۆ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، شێخ لە پێناو "چاکەی گشتیدا" کوردستانی بەجێهێشتووە و تەنها لە بۆنەکاندا دەگەڕێتەوە سلێمانی.

 

نوسینگە تایبەتیەکەی شێخ نەهرۆ هۆکاری بەجێهێشتنەکەی شێخیشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی "ناکۆکی لە نێوان یەکێتی و پارتی بەشێک لەلایەنە سیاسیەکاندا هەبووە و شێخ هەوڵی نێوەندگیری داوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون تاوانباریش کراون، بۆیە شێخ بڕیاریداوە سلێمانی بەجێبهێڵێت."

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color